یەکێتیی ئەوروپا: لە داهاتوودا سزای بەرفراوان بەسەر رووسیادا دەسەپێنین
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بەنیازە لە مانگەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو مەودای سزاکانی سەر رووسیا فراوانتر بکات.
کایا کالاس بە رۆژنامەی "دی ڤێڵت"ی ئەڵمانی گوت "سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا زیانێکی گەورەیان بە رووسیا گەیاندووە، بەوەی رووسیای لە ئامێرە جەنگییەکان بە بەهای زیاتر لە 1 تریلیۆن یۆرۆ (1.16 تریلیۆن دۆلار) بێبەش کردووە، هەروەها لە پایزدا لیستی سزاکان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە دەخەمەڕوو."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرکە ئەم سزایانە پەسەند کران، دەستبەجێ ژمارەی ئەو دامەزراوە رووسییانەی سزاکان دەیانگرێتەوە بە ڕێژەی سێیەک زیاد دەکات، دەبێت گوشارەکان بەردەوام روو لە زیادبوون بکەن تاوەکو مۆسکۆ کۆتایی بە جەنگەکەی دەهێنێت."
کالاس هیچ زانیارییەکی زیاتری دەربارەی کات یان وردەکاریی سزا نوێیەکە نەخستەڕوو.
یەکێتیی ئەوروپا لە مانگی تەممووزدا رەزامەندی لەسەر نوێترین کۆمەڵە سزاکان دژ بە رووسیا بەهۆی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا دا، کۆت و بەندی بەسەر کەرتی بانکی و تۆڕەکانی دراوی کریپتۆ (دیجیتاڵی) لەو وڵاتەدا سەپاند.
لە شوباتی 2022، سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو جەنگە کوژراون و برینداربوون، ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.