ئەمڕۆ وادەی 60 رۆژەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران کۆتایی دێت

چارەنووسی لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران روون نییە

ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

ئەمڕۆ وادەی 60 رۆژەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی دێت بێ ئەوەی هەردوولا بگەنە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی یان بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی بدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، وادەی 60 رۆژەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمریکا و ئێران کۆتایی دێت، هەردوولاش نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی، هاوکات هیچ راگەیەنراوێکی هاوبەشیش بۆ درێژکردنەوەی ئەو وادەیە نییە.

لە 17ـی حوزەیرانی رابردوو، واشنتن و تاران لێکتێگەیشتنێکیان واژۆکرد کە بە 'لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد' دەناسرێت. ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی چوارچێوەیەک بوو بۆ راگرتنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و کردنەوەی دەرگای دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکانی ئەمریکا و پرسی ئازادیی کەشتیوانی.

لێکتێگەیشتنەکە لە 14 خاڵ پێکدێت، داوا دەکات لە ماوەی 60 رۆژدا هەردوولا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، دەکرێت بە رەزامەندیی هەردوولاش ماوەکە درێژ بکرێتەوە. هەرچەندە ئەمڕۆ وادەکە کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ رێککەوتنێک رانەگەیەنراوە.

لەبارەی درێژکردنەوەی وادەکەوە زانیارییەکان جیاوازن. ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومیی پاکستانەوە بڵاویان کردەوە، ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی سەرەتایی رازی بوون وادەکە درێژ بکەنەوە، بێ ئەوەی لەسەر ماوەکەی رێککەوتبن. 

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، هەموو جۆرە دانوستاندنێکی بۆ درێژکردنەوەی راگرتنی شەڕ رەتکردەوە. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، ئەوەی پێویستە گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی و دانانی خشتەیەکی کاتیی روون بۆ ئەو مەبەستە.