زیاتر لە 800 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچە گەیشتە وەزارەتی دارایی هەرێم

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 830 ملیار دینار بۆ تەمویلکردنی مووچە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پارەکە وەربگیرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە رێگەی داهاتی ناوخۆوە دەستی بە کارەکانی کردووە، تاوەکو بێ دواکەوتن پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 7 تەممووز دەستپێبکات.

چاوەڕوان دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی بە فەرمی لیستی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران رابگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە پارەدارکردن (تەمویل)ـی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

گوتیشی: بڕیارە هەر ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ، بەمەش وەزارەتی دارایی دەتوانێت هەر ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران وەربگرێت و دەست بە دابەشکردنی بکات.