بەرپرسێکی پێشووی شارەوانی ناسریە بە شەش ساڵ زیندانیی سزادرا
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، دەرچوونی سزای شەش ساڵ زیندانیی بۆ بەرپرسێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناسریە راگەیاند. ئەم سزایە دوای ئەوە هات کە سەلمێنرا تۆمەتبارەکە دەستی لە وەرگرتنی بەرتیل و ساختەکردنی مامەڵەکانی تەرخانکردن و فرۆشتنی زەویدا هەبووە.
رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، دەستەی دەسپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی زیقار سزای 6 ساڵ زیندانیی بۆ لێپرسراوی پێشووی بەشی موڵکایەتی لە شارەوانی ناسریە دەرکردووە. بڕیارەکە بەپێی ئەحکامەکانی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 دەرچووە، ئەوەش دوای ئەوەی بە بەڵگەوە سەلمێنرا کە ناوبراو بەرتیلی وەرگرتووە و دەستکاریی مامەڵەکانی خاوەندارێتی و فرۆشتنی زەوییەکانی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەرپرسە پێشووە پسوڵەی ساختە کردووە، نووسراوی فەرمی و بەڵێننامەی فرۆشتن و واژۆی خاوەن زەوییەکان. بڕیاری سزادانەکەش دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی زیقار و پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکە دەرچووە.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی پشکنینی ماڵی سزادراوەکەدا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و دژەتیرۆری زیقار، دەست بەسەر سەدان بەڵگەنامە، دۆسیە و مامەڵەی هاووڵاتییان و فەرمانگەی شارەوانیدا گیراوە، کە لەوێدا حەشار درابوون. هەروەها چەندین پسوڵەی خاڵی و ساختە و بەڵێننامەی واژۆکراو دۆزراونەتەوە کە بۆ مەبەستی نایاسایی و بە پێچەوانەی رێنماییەکان بەکارهێنراون.
دادگا جەختی کردووەتەوە کە دوای بینینی هەموو بەڵگەکان و دانپێدانانی خودی تۆمەتبارەکە، گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە ناوبراو تاوانەکەی ئەنجامداوە، بۆیە بە شێوەیەکی ئامادەیی (حضوري) بڕیاری شەش ساڵ زیندانییکردنەکەی بەسەردا سەپاند.