دەستەی مافی مرۆڤ: هێرشە درۆنییەکان پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی پەلاماری درۆنی دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا و نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی وەزیرانی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دا هاتووە، لە کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، هێرشێکی درۆنی تێکدەرانە لە دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە ئاراستەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام کراوە.
جەختی کردووەتەوە، بە ئامانجگرتنی ناوبەناوی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە، پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە کردەوانە پێشێلکردنی سەرجەم پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ژیانی هاووڵاتیانە کە مەترسیی جددی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتیان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و ململانێ و پەیامی سەربازی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی روون و جددییان هەبێت بۆ راگرتنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییە بەردەوامانە و هەوڵی جددی بدرێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."