کۆمەڵی دادگەری ئیدانەی هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوەکانی هەرێم دەکات

گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی بە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەی بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی هەرێمی کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی فەرمیی حزبەکەی خستەڕوو و رایگەیاند "ئێمە وەکو کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین."

هاوکات گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری جەختی لە گرنگیی پاراستنی هەرێم لە ململانێکان کردەوە و رایگەیاند، پێداگیری لە هەڵوێستی بێلایەنی و هاوسەنگیی کورد دەکەنەوە لە مەڕ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."