کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوای هەڵوێست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر پیرمام دەکات و بە "ترسنۆکانە" وەسفیان دەکات. رایدەگەیەنێت، ئەم هێرشانە پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مەترسین بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی جددی و کردەیی بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە بنوێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە درۆنییانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام و هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە" ناوبرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی رایدەگەیەنین کە ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بۆ سەر دامەزراوە شەرعی و نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی پێکەوەژیان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا".
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی جەختی کردووەتەوە، کە تەواوی بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی لێکەوتەکانی ئەم هێرشە لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە. هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، هەڵوێستێکی جددی و کردەیی لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە سنووربەزێنانە هەبێت تاوەکو رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە بکات.