ئایدن مەعروف هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرکۆنە دەکات

ئایدن مەعروف
ئایدن مەعروف

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن دەکات و رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێکە لە چارەسەر.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە راگەیەنراوێکدا هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی سەرکۆنە کرد.

وەزیری کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. 

هاوکات جەختی لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە هەوڵێک کردەوە کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری، ئارامی، پێکەوەژیان و شێواندنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، " بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".

مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان".