فراکسیۆنی پارتی: هێرشە درۆنییەکە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستانە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن بە توندی سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و شکۆی دەوڵەتی عێراقە. هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات بەرپرسیارێتی هاوبەش بۆ پاراستنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە بکات.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنیەکەی ئێران دەکەین، کە ئەمڕۆ 17ـی ئابی 2026 کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی رێزدار (مەسرور بارزانی/ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم) و شوێنی حەوانەوەی بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن.
ئەم هێرشانە تەنیا بە ئامانجگرتنی بەڕێزیان و دامەزراوەکانی هەرێم نین، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر خاک و سەروەریی و شکۆی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێشێلکارییەکی زەق و توند و بێ پاساوی رێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باشن لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتاندا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسەت و هەڵوێستی رێزدار مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا، هەمیشە بریتی بووە لە پاراستنی بێلایەنیی هەرێم و بە دوورگرتنی لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و رێزگرتنی ماف و ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و کێشە و ململانێکان.
لەو سۆنگەیەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، کە هەموو رێکارە سیاسی و دیپلۆماسی و یاساییە پێویستەکان لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانەدا و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا بگرێتە بەر، چونکە پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.
جێگای ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکرێنە سەر کەسایەتی و دامەزراوە و خاکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بە فەرمی چەندین جار لایەنەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەم رەفتارانە پاساویان نییە و خزمەت بە دۆستایەتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان ناکات. لێرەوە فراکسیۆنەکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیامی ئاشتی و گفتوگۆ و پاراستنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش، بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژی کردنە سەر خاک و دامەزراوە و شکۆی هەرێمی کوردستان دەکات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
17ی ئابی 2026