مستەفا کازمى: هێرشکردنە سەر هەرێمى کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەروەریى عێراق
مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووتری عێراق، سەرکۆنەى هێرشە درۆنییەکانى سەر پیرمام دەکات و هۆشدارى دەدات لە تێوەگلانى عێراق لە ململانێیەکى ناوچەیى. کازمى جەخت دەکاتەوە کە نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى حیسابات و ئاڵوگۆڕى پەیامەکان و داوا لە حکوومەتى فیدراڵى دەکات بەرپرسیارێتیى خۆى لە پاراستنى خاکى عێراق جێبەجێ بکات.
دەقى بەیاننامەکە:
بە توندترین شێوە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکەین کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ کرایە سەر نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، رێزدار مەسرور بارزانى، و ماڵى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن لە پیرمام لە پارێزگاى هەولێر، لە رێگەى دوو درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە کە بەگوێرەى راگەیەندراوى دەزگا ئەمنییەکانى هەرێم، لە ناو خاکى ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
مەترسیى ئەم دەستدرێژییە تەنیا سنوورى شوێن و ناسنامەى ئامانجەکان تێدەپەڕێنێت؛ ئێمە لەبەردەم پەرەسەندنێکى زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزداین، کە ناتوانرێت لە پەرەسەندنە ناوچەییەکان و هەوڵدان بۆ گواستنەوەى لێکەوتەکانى بۆ ناوخۆى عێراق جیابکرێتەوە. بەئامانجگرتنى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم بە دەستپێکردن لە خاکى دەوڵەتێکى دراوسێوە، دەستوەردانێکى راستەوخۆیە لە سەروەریى عێراق و ئەمنییەتى نیشتمانى، و هەڕەشەى راکێشانى وڵاتەکەمان دەکات بۆ ململانێیەک کە عێراقییەکان هەڵیاننەبژاردووە و هیچ بەرژەوەندییەکیان تێدا نییە.
ئەم دەستدرێژییە رەهەندێکى دیکەى زیاتریش وەردەگرێت بەوەى هاوکاتە لەگەڵ یادى 80 ساڵەى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستى بە فراوانکردنى پانتاییەکانى گفتوگۆ و هێورکردنەوەیە نەک گۆڕەپانى رووبەڕووبوونەوە. هەرێمى کوردستان بەو پەیوەندی و کەناڵانەى کە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان هەیەتی، توانای هەیە بەشدار بێت لە لێکنزیککردنەوەى دیدگاکان و پشتیوانیکردنى رێڕەوەکانى هێورکردنەوە، لەنێویاندا لەنێوان تاران و واشنتن، کە ئەمە رۆڵێکە شایەنى پشتیوانیکردن و بەهێزکردنە، نەک ئامانجگرتن و پەکخستن.
لە هەمان کاتدا، داوا لە حکوومەتى فیدراڵى دەکەین وەک کەیسێکى سەروەریى و ئەمنییەتى نیشتمانى مامەڵە لەگەڵ ئەوەى روویداوە بکات، و لایەنە بەرپرسەکان ئاشکرا بکات و رێکارى پێویست بۆ پاراستنى خاکى عێراق و دامەزراوەکانى دەوڵەت بگرێتەبەر. جارێکى دیکە هۆشدارى دەدەین لە مەترسیى گۆڕینى عێراق بۆ گۆڕەپانى ئاڵوگۆڕى پەیامەکان و یەکلاکردنەوەى حیسابات؛ بەرژەوەندیى عێراق لە یەکگرتوویى و هەرێمەکەى، وا دەخوازێت بڕیارى نیشتمانى و سەروەریى بپارێزرێت و عێراق ببێتە پردێک بۆ گفتوگۆ و چارەسەر، نەک درێژکراوەى گۆڕەپانەکانى جەنگ و ململانێ.