خەمیس خەنجەر: پاراستنی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی عێراقی و نیشتمانییە

خەمیس خەنجەر
خەمیس خەنجەر

خەمیس خەنجەر هێرشی درۆنیی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن سەرکۆنە دەکات و دەڵێت "پێشهاتێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە و دەبێت عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی کۆتاییهێنان بەم هێرشانە بگرنە ئەستۆ".

خەنجەر لە راگەیەنراوێکدا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە درۆنییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، رایگەیاندووە، هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی، پێشهاتێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە.

هەروەها جەخت دەکاتەوە، هێرشەکان بۆ سەر سەروەری عێراق و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هەڕەشەن بۆ سەر دامەزراوەکانی وڵات و سەرکردەکانیان.

ئەو کەسایەتییە سیاسییە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی خۆی لە راگرتنی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستانی دراوسێ بگرێتە ئەستۆ و کۆتایی بەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانە بهێنێت، بۆ ئەوەی چیتر وەک ئامرازێک بۆ گێرەشێوێنی سیاسی و شێواندنی سەقامگیری وڵاتان بەکار نەهێندرێن.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی داوە، پاراستنی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی عێراقی و نیشتمانییە، چونکە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی گشتیی عێراق. هەر بۆیە هەڵوێستێکی رژدی عێراقی و نێودەوڵەتی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان و سنووردانان لەبەردەم هێرش و پەلاماردانە دووبارەکانی سەر هەرێمی کوردستان و نەمانی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گشتیی عێراق دروست بوون.