فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی بەزاندنی بەها نیشتمانییەکانە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی پەلامارە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کرد.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا رەفتاری کردووە و بەردەوام هەوڵی داوە هەرێم و تەواوی عێراق لە شەڕ، ململانێ و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان بەدوور ببن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ئاژانسی پاراستن "بەزاندنی ئاشکرای بەها نیشتمانییەکانە و رەفتارێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی ئەم ئارامی و سەقامگیرییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە ئەرکە دەستووری و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هەڵوێستێکی روون و بڕیاردەرانە بنوێنێت، هەروەها داواشی کردووە رێکاری کرداری و تووند بگرێتە بەر بۆ سنووردارکردنی ئەم دەستدرێژییانە، تاوەکو رێگە لە هەر هەوڵێک بگیڕێت کە ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."