حكوومەتی عێراق و گرووپە چەكدارەكان گەیشتوونەتە بنبەست
سەرچاوەیەک: كۆبوونەوەی عەلی زەیدی و قائانی باش نەبووە
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکوومەتی عێراق بۆ کوردستان24، پرۆسەی گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان گەیشتووەتە بنبەست. ئەمەش وای کردووە حکوومەتی عێراق لەسەر ئاستی باڵا تاوتوێی درێژکردنەوەی مۆڵەتی پڕۆسەکە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بکات.
دوو سەرچاوە لە حکوومەتی عێراق کە ئاگاداری وردەکاریی پڕۆسەی وەرگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکانن، بە کوردستان24یان راگەیاند، حکوومەت لە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان گەیشتووەتە بنبەست، چونکە بەشێک لەو گرووپانە رادەستکردنی چەکەکانیان رەت دەکەنەوە و مەرجی چوونەدەرەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکایان بۆ چەکدانان داناوە.
بەپێی سەرچاوەکان، گرووپەکانی (کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی کەربەلا) چەکدانانیان بەتەواوی رەتکردووەتەوە، هەرچەندە لە رێگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەوڵ دراوە فشار لەسەر ئەو گرووپانە دروست بکرێت، بەڵام هەوڵەکان بێئاکام بوون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کرد، حکوومەتی عێراق لەسەر ئاستی باڵا تاوتوێی سیناریۆی شکستهێنانی پڕۆسەی وەرگرتنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی کردووە، بەهێزترین بژاردە لە بەردەم بەغدا ئەوەیە ئەگەر پێش کۆتاییهاتنی وادەکە سەرکەوتوو نەبوون، داوا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکرێت ماوەکە درێژ بکرێتەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەکان، حکوومەت بە ئەمریکا رادەگەیەنێت، پڕۆسەکە دەستی پێکردووە و سێ گرووپ (سەرایا سەلام، عەسائیب ئەهلولحەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی) چەکیان داناوە، بەڵام پێویستیان بە کاتی زیاترە، جەختیش لەوە دەکرێتەوە کە ئەم هەنگاوە کارێکی لۆژیکییە، چونکە دیاردەی چەک لە عێراقدا بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ئیدارەی ئەمریکاش لەم دۆخە تێدەگات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی دوایی عەلی زەیدی و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە ئاڵۆزی کۆتایی پێهاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا قائانی باسی چەکی گرووپە چەکدارەکانی کردووە، بەڵام زەیدی جەختی لەسەر سەروەریی عێراق، بەهێزبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جۆرێک لە نیگەرانی دروست بووە، دوای ئەوەی بە قائانی راگەیەندراوە حەز دەکرێت سەردانەکانی بۆ عێراق لە چوارچێوەی رێکار و کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکاندا بن، بەپێی زانیارییەکان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندی ئێرانی بە تووڕەیییەوە هۆڵەکەیان جێهێشتووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24ـی پشتڕاست کردەوە، قائانی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زەیدی، لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە و گلەییی لە شێوازی گوفتار و مامەڵەی عەلی زەیدی کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا لیژنەیەکی تایبەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە پێکهێنراوە و داوای هاوکاری لە تاران کراوە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان دروست نەبێت.