بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات
کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە ئهمڕۆ کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هاوکات جەخت لە پشتیوانیکردنی تەواوی ئەو هەوڵانە دەکاتەوە کە ئامانجیان پاراستنی سەقامگیری و ئارامییە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج".
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، " بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".
مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، "ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، "ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان".