یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات

شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەکەی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان لە پیرمام کرد؛ هاوکات جەختیان لەوە کردەوە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکان بە مەبەستی ڕاکێشانی وڵاتە بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان و داوایان کرد تەواوی چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، کلێمێنس سێمتنەر، باڵیۆز و سەرۆکی شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، تێیدا هەڵوێستی فەرمیی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر هێرشەکانی پیرمام دەربڕی

لە پەیامەکەدا هاتووە، شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە کراونەتە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پیرمام. مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە کە لەم هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بە مەبەستی پشت ئەم هێرشانە کرد و ڕایگەیاند، ئامانجی ئەم هێرشانە بریتییە لە لاوازکردن و لەباربردنی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ و شەڕە هەرێمییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانەوە. بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرپرسانی حکومی، یان نێردە دیپلۆماسییەکان بە هەموو شێوەیەک قبووڵنەکراوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و نووسیویەتی: یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق، لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕێڕەوی گەیشتن بە داهاتوویەکی ئاشتییانە و گەشەسەندوو؛ بێگومان خستنەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی چەکەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، بەشدار دەبێت لە سەرخستنی ئەم هەوڵەدا.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.