لەیلا زانا بۆ مەسرور بارزانی: با دۆست و دوژمن بزانن ئەم سەدەیە سەدەی ئازادیی گەلی کوردە
کەسایەتیی دیاری باکووری کوردستان، لەیلا زانا، لە پەیامێکدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر نووسینگەکەی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، لە پەیامەکەیدا کە لە شاری ئامەدەوە ئاراستەی کردووە، لەیلا زانا نووسیویەتی "بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاک مەسرور بارزانی؛ بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر نووسینگەکەتان دەکەم. با دوست و دوژمن بزانن کە ئەم سەدەیە، سەدەی ئازادیی گەلی کوردە!".
هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، لەیلا زانا نووسیویەتی: "خودا هەموومان بپارێزێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."