تۆم بەڕاک: ئەو دەستدرێژییە بۆسەر هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکەمان قبووڵ نییە
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە پەیامێکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی لە هەولێر، و هێرشەکەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر "هاوپەیمانە جێمتمانەکانی ئەمریکا" و هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەربڕی و نووسیویەتی: ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر هاوڕێ و هاوبەشە کوردە بەنرخەکەمان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەکەی لە هەولێر.
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دۆخی ناوچەکە دەبێت و گوتی: ئەم جۆرە دەستدرێژییە دژ بە هاوپەیمانە کوردە جێمتمانەکانمان بە هەموو شێوەیەک قبووڵ نەکراوە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە. ئێمە چاوپۆشی لەم دوژمنکارییانە ناکەین و لێیان بێدەنگ نابین.
تۆم بەڕاک جەختی لە پرسی سەروەریی عێراق و یەکخستنی چەک لەژێر چەتری دەوڵەتدا کردەوە و رایگەیاند: ئێمە پشتیوانیی تەواو لە سەرکردایەتیکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین لە پێناو گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتیی عێراق و دەستەبەرکردنی ئەوەی سەرجەم چەک و هێزە ئەمنییەکان لە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراقدا بمێننەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.