بابەشێخ بە توندی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرکۆنە دەکات

شێخ عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی ئێزدییان لە پەیامێکدا، بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو؛ هاوکات جەختی لەسەر زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و پاراستنی کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

دووشەممە 17ی ئابی 2026، شێخ عەلی شێخ ئیلیاس، رابەری رۆحیی ئێزدییان (بابەشێخ)، لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر پیرمام بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار ناوبرد و رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو دەکەین.

بابەشێخ جەختی کردەوە، ئەم جۆرە کردەوانە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن، و داوای کرد هەموو لایەک لە پەرەپێدانی گرژی و هەر هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئارامی دوور بکەونەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن تاکە رێگەی کاریگەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان سەرجەم لایەنەکان، و داوای لە هەمووان کرد خۆیان لەو هەڵسوکەوتانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بابەشێخ سەرنجی خستە سەر پێگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و گوتی: کوردستان هەمیشە وێستگەیەکی لێبوردەیی، لانکەی فرەیی ئایینی و کولتووری، و ماڵی هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە. زۆر گرنگە کە بەردەوام بین لە بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی، پێکەوەژیان و برایەتی، و پاراستنی ئەو فرەیییەی کە هەرێمەکەمانی پێ دەناسرێتەوە.

هەروەها بابەشێخ داوای لە تەواوی لایەنەکان کرد کە زمانی عەقڵ، دانایی و دیالۆگ بخەنە پێش هەموو شتێکەوە و پێکەوە کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی بکەن، هاوکات هیوای خێر، ئاشتی و بەرەکەتی بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و سەرانسەری جیهان خواست.