عێراق لیژنەیەکی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی هەولێر پێکدەهێنێت
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و شوێنی ئاراستەکردنی ئەو هێرشەی کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، و جەختی کردەوە دەبێت بە زووترین کات ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، راسپاردەی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی دەستبەجێی لیژنەیەکی تایبەتمەندی لێکۆڵینەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە بەدواداچوون و ئاشکراکردنی سەرچاوە، هۆکار و ئەو شوێنەی کە هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە دژ بە نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی داوە کە بە زووترین کات تەواوی لێکەوتەکان، وردەکارییەکان و ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن دەستنیشان بکرێن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان رابگەیەنرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.