موقتەدا سەدر: لێدانی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە درۆنی ئێرانی شتێکی خەمناکە
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، رەخنە لە هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت و رایگەیاند، لێدانی بەرپرسانی عێراقی لە رێگەی درۆنەکانی ئێرانەوە شتێکی خەمناکە.
لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، موقتەدا سەدر رایگەیاندووە "ئەگەر عێراق بە درۆنی دوژمنان لێی بدرێت، ئەوە شوێنی شانازییە، بەڵام لێدانی خاکی عێراق بە درۆنی برایانمان لە ئێران، شتێکی خەمناکە؛ بەتایبەتی ئەگەر بۆردومانەکە بۆ بەرپرسانی عێراقی بێت، چ لە بەغدا بێت یان لە کوردستان یان لە هەر بستێک لە خاکی عێراقی پیرۆز."
رێبەری رەوتی سەدر ئاراستەی پەیامەکەی دەکاتە سوپای پاسدارانی ئێران و دەڵێت "قسەی خۆم دووبارە دەکەمەوە؛ دەبێت برایان لە سوپای پاسداران خاکی عێراق بۆردومان نەکەن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دڵخۆشبوون و شادیی دوژمنان."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا سەدر دەڵێت: "لە خودا دەپارێڕێمەوە ناوچەکە لە جەنگ بپارێزێت و عێراقی ئازیزمان لە هەموو مەترسییەک بەدوور بێت، سەرچاوەی مەترسییەکە هەرچییەک بێت."