عێراق جەخت لە بوونی چەک لە دەستی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی سامانی دزراو دەکرێتەوە

سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا لە بەغدا، تاوتوێی لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی داهات، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراقیان بۆ ململانێ هەرێمییەکان کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، کۆبوونەوەی باڵای سەرۆکایەتییەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی وڵات، پەرەسەندنە هەرێمییەکان و پشتگیریکردنی کارنامەی حکوومەت بۆ باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی دامەزراوەکان تاوتوێ کران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگە داراییەکان، بەتایبەت کەمبوونەوەی داهاتەکانی وڵات بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز.

سەرۆکایەتییەکان جەختیان لەسەر هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان؛ بەرزکردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردنی دارایی بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای ئابووریی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا؛ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت دوای کشانەوەی هاوپەیمانان.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە پرەنسیپی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کرایەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەتایبەت دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. هاوکات جەخت لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق کرایەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتییەکان تاوتوێی بەردەوامیدان بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی و ڕاوەدوونانی گەندەڵکارانیان کرد. لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی حکومەت بۆ "گێڕانەوەی سامانی دزراو" کرا بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پارەی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، و داوا لە پەرلەمان کرا پەلە بکات لە پەسندکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ژیان و بژێویی خەڵکەوە.

کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتییەکان کردەوە بۆ یەکلاکردنەوە و تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەو پۆستە وەزارییانەی لە کابینەی حکومەتدا ماونەتەوە، بە جۆرێک کە کارایی تەواو بداتە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکایەتییەکان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە کرد، و هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقیان دووپات کردەوە بەوەی کە بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەر وڵاتێک، یان دەستپێکردنی کردەوەی دوژمنکارانە لە خاکی عێراقەوە رەتکراوەیە، و رێگە نادرێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ و لێکدانەوەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی.