هاکان فیدان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ سەرۆکی حکوومەت دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ، مەسرور بارزانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی خۆی بۆ سەرکوەزیران دەربڕی.
هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هاکان فیدان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نوسینگەی مەسرور بارزانی کرد.
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."