پێشەوا هەورامانی: هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەئامانجگرتنی تەواوی گەلی کوردستانە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عەرەبییە، بە فەرمی ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کرد و هێرشەکەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی گەلی کوردستان و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش وەسف کرد؛ هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد هەڵوێستی بەپەلە وەربگرێت و لەگەڵ تاران قسە بکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نادادپەروەرانە، بێ پاساو و بێ ویژدانانەیە دەکەین کە کرایە سەر هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی حکومەت گوتی: شەوی رابردوو ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج؛ بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکوەزیران هێرشە بۆ سەر تەواوی گەلی کوردستان، و بێگومان لێکەوتەکانی ئەم کارە بە باشی ناگەڕێتەوە.

پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە کە بەئامانجگرتنی هێما و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان پێشهاتێکی مەترسیدارە و خزمەت بە پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش ناکات، و گوتی: هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێ هەرێمییەکان و هەمیشە پێداگیر بووین لەسەر ئەوەی خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکارنەهێنرێت.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هەڵوێستی کرداری لە بەغدا کرد و گوتی: داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بە زووترین کات هەڵوێستی فەرمیی خۆی رابگەیەنێت و لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بکرێت.

پێشەوا هەورامانی سەرنجی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا پێویستی بە دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و سەقامگیری هەیە نەک مووشەک، هێرش و وێرانکاری؛ پێویستە هەمووان بزانن کە ئیرادەی گەلی هەرێمی کوردستان لە هەموو مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان زۆر بەهێزتر و پتەوترە.