کۆمەڵگەی گەنجانی دیموکراتی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکات

کۆمەڵگەی گەنجانی دیموکراتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام دەربڕی؛ هاوکات وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ گەل و دامەزراوەکانی هەرێم، جەختی لەسەر پێویستیی زاڵبوونی زمانی دیالۆگ لە ناوچەکەدا کردەوە.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، خاڤیێر میرا، سەرۆکی کۆمەڵگەی گەنجانی دیموکراتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی فەرمیی رێکخراوەکە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر پیرمام راگەیەندرا.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووە: کۆمەڵگەی گەنجانی دیموکراتی ئەوروپا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەو هێرشە درۆنییەی لە لایەن ئێرانەوە ئەنجامدرا و تێیدا نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و شوێنی نیشتنەوە و مانەوەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی هەرێمی کوردستان لە پیرمام لە هەولێر کرانە ئامانج.

رێکخراوە ئەوروپییەکە جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی خۆی کردەوە و رایگەیاند: پشتیوانیی خۆی بۆ سەلامەتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دووپات دەکاتەوە. هیوادارین رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبنەوە، و بەردەوام دیالۆگ و پەیوەندیی ئاشتییانە باڵادەست بێت لە مامەڵەکردن و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە بە تەواوی لەگەڵ گەل و دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان لە هاوسۆزی و پشتیوانیدا دەوەستین.