یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەتوندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا، عەلی قەرەداخی رایگەیاندووە "لە کاتێکدا ناوچەکەمان پێویستی بە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە، جار بە جار دەبینین ئێران دەستدرێژی دەکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، بێ ڕەچاوکردنی سەروەریی وڵاتانی ئیسلامی و ئاسایش و سەقامگیریی گەلەکانیان."
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان جەختی کردووەتەوە "ئێمە وەک چۆن ئیدانەی دەستدرێژیی ئەمریکی و ئیسرائیلمان کردووە، بە هەمان شێوە ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئێران دەکەین، بەتایبەتی ئەو هێرشە مەترسیدارەی بە درۆن کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی هەولێر."
عەلی قەرەداخی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و نەگونجاون، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستانن و پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و بەها برایەتییەکانی نێوان گەلانی ئیسلامین.
لە راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی زانایان داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات "بەپەلە ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بپچڕێنێت و رێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت، هەروەها ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵۆزیی زیاتر نەکاتەوە لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستی بە دانایی و هاوکاریی هەیە."
لە کۆتاییدا، عەلی قەرەداخی هاوسۆزیی خۆی بۆ گەلی عێراق بەگشتی و گەلی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەربڕیوە لە مافی پاراستنی ئاسایش و سەروەرییان، هاوكات داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە پەنا بۆ زمانی عەقڵ و گفتوگۆ ببەن. ڕاگەیەندراوەکەی بە ئایەتی ﴿وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ﴾ لە سورەتی (المائدة) کۆتایی پێهێناوە.