سەردار یوکسەل سەرکۆنە هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بوندستاگ)، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەکەی کرد و رایگەیاند، نابێت هەرێمی کوردستان بۆ ناو ململانێکان رابکێشرێت؛ هاوکات ئاشکرای کرد، وەزیرانی حکوومەتی ئەڵمانیای لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە تا لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پەیامی ناڕەزایەتی بگەیەنن.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری بوندستاگ و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا-تورکیا، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: بە بۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆوە، دەمەوێت پشتیوانی و هاوسۆزیی کەسیی خۆمتان پێ رابگەیەنم. ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم جۆرە هێرش و ئیستفزازانە دەکەین. لە سەردانەکەی چەند رۆژی رابردوومدا بۆ هەرێم، لە نزیکەوە دۆخەکە و ئەو ئاستەنگە گەورانەم بینی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، هەر بۆیە ئەم هێرشە نوێیە منیان بە خەمۆکی و نیگەرانییەکی قووڵ داپۆشی.
پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا هۆشداریی لە لێکەوتەکانی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی هەرێم دا و گوتی: کوردستان نایەوێت و نابێت بە هیچ جۆرێک، نە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ، بۆ ناو ئەم شەڕ و پێکدادانە کێش بکرێت. هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و مەترسیی گەورەبوونی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
سەردار یوکسەل ئاشکرای کرد کە دەستبەجێ لەسەر ئاستی حکوومەتی ئەڵمانیا جووڵەی کردووە و نووسیویەتی: من وەزیرەکانی حکوومەتمان لەم رووداوە ئاگادار کردووەتەوە و بە روونی پێم راگەیاندوون کە دەبێت لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە بەردەستەکانەوە، بە شێوەیەکی بێ گومان و یەکلاکەرەوە رابگەیەندرێت کە ئەم جۆرە هێرش و کردەوە تێکدەرانە بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکرێن.
ئەندامەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و رێزی لێبگیرێت، و هەر کارێکی پێویست ئەنجام بدرێت بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان، و هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران، بنەماڵەکەی و تەواوی گەلی کوردستان دووپات کردەوە.