رێکخراوی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات

رێکخراوی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەکەی و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام کرد؛ هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکەن و رێگە نەدەن ئەم هێرشانە ئاسایی بکرێنەوە.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، رێکخراوی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، هەڵوێستی رێکخراوەکە لەسەر هێرشەکەی سەر قەزای پیرمام لە هەولێر خرایەڕوو.

لە پەیامەکەدا هاتووە: ئێمە بە توندترین و روونترین دەستەواژە، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئێران دەکەین کە نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیران و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی لە قەزای پیرمام لە هەولێر کردە ئامانج. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێکان، و نابێت خاکی هەرێم وەک ئامانج یان گۆڕەپانی شەڕ بۆ ململانێی نێوان وڵاتان و لایەنەکانی دیکە بەکاربهێنرێت. هەر هێرشێک بۆ سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێم، پێشێلکارییەکی مەترسیداری ئاسایش و سەروەرییەکەیەتی.

ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر مەترسیی ئەم هێرشە کردەوە و رایگەیاند: ئەم کردەوە تیرۆریستییە، هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش، سەقامگیری و سەلامەتیی هەرێمی کوردستان، و پەیامێکی زۆر مەترسیدار و نەرێنییە بۆ خەڵکی هەرێم و تەواوی عێراق. ئەم جۆرە کردەوانە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و نابێت رێگە بدرێت ببنە دیاردەیەکی ئاسایی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی تەواوی عێراق. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین هەڵوێستێکی روون، توند و یەکلاکەرەوە دژ بەم هێرشە وەربگرێت و بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکانی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکی عێراق جێبەجێ بکات.

رێکخراوی ئاشوورییەکان بۆ دادپەروەری داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، بە روونی سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییە بکات و رێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ سزادان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەم هێرشە، و جەختی کردەوە دەبێت رێز لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت و رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت لە رێگەی توندوتیژی و دەستدرێژییەوە تێکیبدات.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: ئێمە هاوسۆزیی تەواوی خۆمان بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دووپات دەکەینەوە و پشتیوانی لە مافی هەرێم دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکی.