حکوومەتی عێراق: رێکخستنەوە بۆ حەشدی شەعبی دەکرێت

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، زانیاریی نوێی لەسەر پرسی بەئامانجگرتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، رێکخستنەوەی حەشدی شەعبی و پرسی سڕینەوەی سفر لەسەر دراوی عێراقی خستە ڕوو.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند "ئەو زانیارییانەی لەبارەی بوونی پیلانێک بۆ بەئامانجگرتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکراونەتەوە، لە ئێستادا لەژێر وردبینی و لێکۆڵینەوەدان." جەختیشی کردەوە کە سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بە پرسی بەرگریی ئاسمانی دەدات و زەمینەی دارایی و کارگێڕیی بۆ دەستەبەر کردووە.

سەبارەت بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانان لە پڕۆسەی خێراکردنی رێکارەکانیاندان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان لە عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو.

لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، عەبوودی جەختی کردەوە کە ئەمە پرسێکی سەروەریی عێراقە و هیچ سەپاندنێکی دەرەکی نییە، هەروەها ئەم بڕیارە عێراقی لە لێکەوتەی زۆر مەترسیدار و گۆشەگیری رزگار کردووە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکراشی کرد، تەواوی پێکهاتەکان لەناو دەستەی حەشدی شەعبی رێکدەخرێنەوە و ناویان لە چوارچێوەی دەستەکەدا دەگۆڕدرێت. هاوکات روونیشی کردەوە کە دەستگیرکردنی (عەباس حوسێن ئەلیەعقووبی) بەپێی بڕیاری فەرمیی دادگا ئەنجامدراوە.