دژەتیرۆری عێراق بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی رادەست کرد.
هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق حوسێن یەعقووبی، بەرپرسی هەواڵگریی بزووتنەوەی نوجەبا و ئەندامی حەشدی شەعبییان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر داوای قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز و بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکەیەوە، لە زیقارەوە گوێزرایەوە بۆ بەغدا.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستەی حەشدی شەعبی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق حوسێن یەعقووبییان ڕادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە، کە ئەمڕۆ لە پارێزگاری زیقار دەستگیرکرابوو.
سەرچاوەکە دەشڵێت: حوسێن یەعقووبی بەڕێوەبەری نەخشەهەڵگرتنە لە بزووتنەی نوجەبا و بەرپرسی یەکەی هەواڵگریی حەشدی شەعبییە لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا، بەو پێیەی ئەندامی حەشدی شەعبییە، ئێستا لە بەغدا لەلایەن دەستەی حەشدەوە دەستبەسەرە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، چونکە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنییە، پێویستە دەستەکە دۆسیەکە لە ئەستۆ بگرێت.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەق و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی داوای ڕادەستکردنی یەعقووبییان کردبوو. لەم چوارچێوەیەدا، دەستەی حەشدی شەعبی داوای کردووە ئەوان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە بگرنەبەر کە ئاراستەی یەعقووبی کراون.