ئەردۆغان و ترەمپ دۆسیەی ئێران، رێککەوتنی بەرگریی سێقۆڵی و ئاشتیی غەززە تاوتوێ دەکەن

سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەسەندنە هەرێمییەکانی کرد؛ ئەردۆغان جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی دیالۆگ لە نێوان واشنتن و تاراندا کردەوە و باسی لە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی وڵاتەکەی لەگەڵ سعوودیە و پاکستان، و ئاستەنگەکانی بەردەم قۆناخی دووەمی ئاشتیی غەززە کرد.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە، و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کراون.

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، زۆر گرنگە لە ململانێ و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بە زۆرترین شێوە سوود لە رێگە دیپلۆماسییەکان وەربگیرێت. ئەردۆغان هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن و جەختی کردەوە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئاشتی.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سەرۆککۆماری تورکیا سەرنجی خستە سەر هەنگاوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، لە رێگەی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کە لەگەڵ هەریەک لە پاکستان و سعوودیە واژۆیان کردووە، هەڵوێستێکی بەهێز و یەکلاکەرەوەیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پێشان داوە.

سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، ئەردۆغان هۆشداریی دا لەوەی لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ ئەوەن پرۆسەی ئاشتیی غەززە بچێتە قۆناخی دووەمەوە، کەچی کردەوە دوژمنکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دژ بە هاووڵاتییانی فەلەستینی رووی لە زیادبوون کردووە.

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەموو ئەو هەنگاوانەی کە دەنرێن لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە لە دوو ئاستی جیاوازدا پەیوەندیی چڕیان لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەمریکا و ئێران ئەنجام داوە

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی تورکیا بە رۆیتەرزی راگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام داوە.

لەو پەیوەندییەدا، هەردوو وەزیر بە وردی تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و رێگاکانی کردنەوەی گەرووی هورمز و هەروەها دەستەبەرکردنی میکانیزمی بەردەوامیدان بە ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووە.