تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەی تانجەرۆیان گەمارۆ دا و رێگرییان لە تەشەنەسەندنی کرد
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناحیەی تانجەرۆی سلێمانی، 20 کەس برینداربوون و تەنگەنەفەسی بوون، لە کاتێکدا تیمە هاوبەشەکانی بەرگریی شارستانی و دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە ئاگرەکە گەمارۆ بدەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی بکەن؛ هاوکات بەرپرسانی ئیداری و بازاڕی سووتەمەنی دڵنیایی دەدەن رووداوەکە نابێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی بەنزین.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە سنووری ناحیەی تانجەرۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، کە بەهۆیەوە چەندین تەقینەوە لە خەزانەکان و تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنیدا روویاندا و بڵێسەی ئاگرەکە لە چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگاکەوە بینرا.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند کە بەهۆی ئاگرەکەی ئەمشەوی تانجەرۆوە، تا ئێستا 20 کەس بریندار بوون
بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان و سەنتەری فریاکەوتنی خێرای 122، برینی زۆربەی بریندارەکان سووکە و بەشێکی زۆریان بەهۆی دووکەڵی چڕەوە تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوون، کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە لە شوێنی رووداوەکە و لە ناو ئەمبوڵانسەکاندا چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیسی فریاکەوتن ، پۆلیسی هاتووچۆ و تەندروستی لە ئامادەباشیی تەواودان و لە چەند قۆڵێکەوە توانیویانە ئاگرەکە گەمارۆ بدەن.
جێگری پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، هێڵێکی بەرگری لە دەوری ئاگرەکە دروستکراوە، بە جۆرێک کە سەرجەم کۆگا و کارگەکانی تەنیشت شوێنی رووداوەکە بە پارێزراوی ماونەتەوە و ئاگریان نەگرتووە. ئاشکراشی کرد. دەستبەجێ دوای کوژاندنەوەی تەواوەتیی ئاگرەکە، لیژنەیەکی پسپۆڕ و لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری رووداوەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان.
رامیار رزگار، گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا یان هەڵەیەکی تەکنیکی بووە لە کاتی بەتاڵکردن و گواستنەوەی بەنزیندا، کە لە وەرزی گەرمادا بە خێرایی کارلێک لەگەڵ ئۆکسجین دەکات و دەگڕێت.
گوتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و شۆفێران و رایگەیاند: ئەم کۆگایە موڵکی کەرتی تایبەتە و کۆگایەکی ستراتیژیی حکومی نییە. دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیکراوی حکومەت لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بە شێوەی 24 کاتژمێری لە بەنزینخانەکان بەردەوامە و هیچ جۆرە قەیرانێکی کەمبوونەوەی بەنزین لە سلێمانی دروست نابێت.
هاوکات شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئامادەیی تەواوی تیمەکانیانی لە ئەگەری هەر داواکارییەکی فەرمیدا ڕاگەیاند بۆ ناردنی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی تایبەتی کوژاندنەوەی ئاگری سووتەمەنی.
لایەنە پەیوەندیدارەکان داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە بە مەبەستی سەیرکردن ڕوو لە ناوچەکە نەکەن و قەرەباڵخی دروست نەکەن، تاوەکو رێگری لە هاتوچۆی خێرای ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبوڵانسەکان نەیەتە ئاراوە.
زانیاری لەبارەی ئەو کۆگایەی لە تانجەرۆ ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە؛ کۆگایەکی گەورەی بەنزین و گازە، کە 34 تانکی گەورەی بەنزین و گازی تێدایە و بەنزینی بەشێکی زۆری سلێمانی دابین دەکات؛ لەو 34 تانکییە 30 تەنکییان بەنزینی تێیدایە، بەهەموو تانکییەکان نزیکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین و گازی خەزنکراویان تێدا بووە.
رووداوەکە بەپێی قسەی چەند شایەت حاڵێک بۆ کوردستان 24 بەهۆی سەتڵێک بەنزینەوە بووە بەدەست کەسێک، کەخۆشی بەشێکی جەستەی بە سووکی سووتاوە و بەهۆیەوە ئەو ئاگرە گەورەیەی لێکەوتووەتەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە.