پەرلەمانتارانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لە هەولێر دەکەن
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 90 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ بەستنی دانیشتنێکی بەپەلە و نائاسایی پەرلەمانی عێراق لە شاری هەولێر، وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ خەڵکی کوردستان.
مستەفا کوبەیسی، پەرلەمانتاری عێراق، لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دەستپێشخەرییەکی پەرلەمانتارانی عێراقی بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد.
کوبەیسی ڕایگەیاند "لەگەڵ زیاتر لە 90 پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، واژۆمان لەسەر داواکاریی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لە شاری هەولێر کردووە؛ ئەمەش وەک دەربڕینی هاوسۆزییەکی تەواو لەگەڵ خەڵکەکەمان لە کوردستان و هەروەها وەک وەڵامدانەوەیەکیشە بەرامبەر بە هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خاکی عێراق."
ئەمە لەکاتێکدایە دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."
هاوکات دەیان لایەن و بەرپرس و کونسوڵی وڵاتان هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد و بە دەستدرێژی ناویان برد.