یاسای پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، یاسای چوارچێوە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆککۆماری تورکیاش ئاواتەخوازە هەنگاوەکە بۆ ئارامیی وڵات سوودبەخش بێت.
یاسای "بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی" ناسراو بە "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی، دوای پەسەندکردنی بە زۆرینەی 467 دەنگی بەڵێ لە پەرلەمانی تورکیا، بە فەرمی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەبۆنەی کەوتنەکاری ئەم یاسایەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی خێر بۆ وڵات.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە هەموو بەشداربووانی ئامادەکردنی پرۆژەکە کرد، هەروەها سوپاسی تایبەتی ئەو لایەنە سیاسییانەی کرد خاوەن هەڵوێستێکی بونیاتنەرانە بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە نموونەیەکی مێژووییە بۆ تەبایی نیشتمانی لەپێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیردا.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکان پێویستە دەزگاکانی ئاسایش پشتڕاستی بکەنەوە پەکەکە و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێناوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەست کردووە.
یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رۆژی 10ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا، ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە چارەنووسی ئەو چەکداران و لایەنگرانەی پەکەکە ئامادەن چەک دابنێن.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.
دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی 2025، ئۆجەلان بانگەوازی بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد. لە تەممووزی هەمان ساڵدا، ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی رەمزی چەکەکانیان سووتاند و پاشەکشەیان لە چەندین پێگەی سەربازی کرد.
پڕۆژەیاسای چوارچێوە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئامادەکراوە و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و مەهەپە پشتیوانییان لێ کردووە.