لە گەرووی هورمز هێرش کرایە سەر کەشتییەک و زیانی گیانیی لێکەوتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەک لەکاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمز بە مووشەک هێرشی کراوەتە سەر.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەندامانی دەستەی کەشتیوانان لەلایەن پاسەوانانی دەریایی عومانەوە هاوکاریی کراون، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هیچ زیانێکی ژینگەیی لە ئەنجامی رووداوەکەوە تۆمار نەکراوە، بەڵام زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و زیانیش بە بزوێنەری کەشتییەکە کەوتووە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە پەکخراوە و ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن دابەزیوە بۆ کەمتر لە 10 کەشتی رۆژانە، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە رۆژانە زیاتر لە 130 کەشتی لەو گەرووە گوزەریان دەکرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان کە لەلایەن کۆمپانیای "کیپلەر"ەوە بڵاوکراونەتەوە، هێمایان بۆ خاوبوونەوەیەکی بەرچاو لە جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمزدا کردووە، بەپێی داتاکان، رۆژی شەممە تەنیا پێنج کەشتیی گواستنەوەی کەلوپەلی سەرەکی لە گەرووەکە تێپەڕیون، لە کاتێکدا رۆژی یەکشەممە هیچ کەشتییەک تێپەڕ نەبووە.
وەستانی جووڵەی کەشتیوانی لە دەریای گەرووی هورمز بەهۆی چەقبەستوویی گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە دادەنرێت، ئەم گەرووە کەنداو بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە، پێش دروستبوونی ئاڵۆزییەکان، رۆژانە زیاتر لە 130 کەشتی لەم گەرووەوە تێپەڕ دەبوون، کە نزیکەی %20ـی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراو (LNG)ـی جیهانی لە رێگەیەوە دەگوێزرایەوە. هەر پەککەوتنێک لەم ناوچەیەدا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکانی نەوت و بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەبێت.
هەروەها ئێران هەوڵدەدات هەژموون و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شادەماری رێڕەوەکەدا بسەپێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئەمریکا هەڕەشەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی دەکات.
ڕووداوە سەربازییەکان هاوکاتن لەگەڵ ڕاوەستانی گفتوگۆ و دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە یان گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بە بنبەست گەیشتوون، بەهۆی توندبوونی مەرجەکانی هەردوولا. ئێران ئاساییکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانیی بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەستووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا جەخت لەسەر بەردەوامیی گوشارە ئابووری و سەربازییەکان دەکاتەوە.