لە حاجیاوا تیروپشک بۆ قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەکرێت
ئەمڕۆ لە قەزای حاجیاوا، قۆناخی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە دەستیپێکرد و بڕیارە لە رێگەی تیروپشکێکی ئاشکراوە 91 فەرمانبەری دیکە پارچە زەوی وەربگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و داواکاری گشتی، تیروپشک بۆ قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی حاجیاوا بەڕێوەدەچێت.
ئەمە دووەم قۆناخی دابەشکردنی زەوییە لە سنوورەکە؛ لە قۆناخی یەکەمدا 146 فەرمانبەر کە خاڵەکانیان لەنێوان 40 بۆ 50 خاڵ بوو، زەوییان پێبەخشرا. لە قۆناخی دووەمی ئەمڕۆشدا، 91 فەرمانبەری دیکە کە ژمارەی خاڵەکانیان لەنێوان 38 بۆ 39 خاڵدایە، لە رێگەی تیروپشکێکی شەفاف و ئاشکراوە دەبنە خاوەنی زەوی.
بەهۆی سەختیی باری جوگرافیی ناوچەی رانیە، پرۆسەی ئامادەکردنی زەوی رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە لە هەندێک شوێن کەمێک دوابکەوێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سنووری حاجیاوا نزیکەی 4250 کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەرانسەری سنووری ئیدارەی راپەڕین، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر ناویان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانییەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی زەوییان پێبدرێت.
بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانە دانیشتووی سنووری شارەوانی رانیەن کە ژمارەیان زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەرە، بەڵام شارەوانییەکان هێشتا لە قۆناخی ئامادەکردنی زەویدان بۆیان.
بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێویستە هەموو فەرمانبەرێک کە مەرجەکان دەیگرێتەوە، پارچەیەک زەوی بە رووبەری 200 مەتر دووجای پێبدرێت و پرۆسەکە تاوەکو سوودمەندبوونی دواین فەرمانبەر بەردەوام دەبێت.