هەوڵ دەدرێت کولێرە بەڕۆنی کۆیە بخرێتە لیستی یونسکۆوە

کولێرە بەڕۆن یەکێکە لە خواردنە میللییە بەناوبانگەکانی قەزای کۆیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، لە ئێستادا هەوڵێکی جددی هەیە بۆ ئەوەی ئەم خواردنە لە رێگەی رێکخراوی یونسکۆوە بخرێتە لیستی کەلەپووری جیهانییەوە.

یوسف کەمال، مامۆستای خانەنشین لە کۆیە بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، کولێرە بەڕۆن مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەشێکی گرنگە لە کولتووری ناوچەکە.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی رابردوودا چەندین هەوڵ دراون بۆ ئەوەی کولێرە بەڕۆن وەک بەشێک لە کەلەپووری نادیار لە یونسکۆ تۆمار بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی رەسەنایەتی خواردنەکە و ناساندنی بە نەتەوەکانی دیکە. 

 ئەو باس لەوە دەکات، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی پرۆژەیەک پێشکەشی رێکخراوی یونسکۆ بکرێت، ئامانجی سەرەکیش لەم کارە ناساندنی ئەم خواردنە کوردەوارییەیە لەسەر ئاستی جیهان.

لە لایەکی دیکەوە، رێباز یاسین، نانەوایەکی شارەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، ماوەی نزیکەی 20 ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی کولێرەیە بە دەست و بە شێوازە کۆنەکەی، هەروەها نرخی هەشت کولێرەش تەنیا هەزار دینارە. 

بە گوتەی ئەو نانەوایە، کڕیارەکانیان تەنیا خەڵکی کۆیە نین، بەڵکوو رۆژانە لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە خەڵک سەردانیان دەکەن.

حاجی دڵزار حوسێن ئەندازیارە و یەکێکە لە کڕیارە هەمیشەییەکان، ئەو باس لەوە دەکات ماوەی 50 ساڵە لە هەولێرەوە سەردانی کۆیە دەکات تەنیا بۆ کڕینی کولێرە بەڕۆن، هۆکارەکەشی بۆ تام و چێژە تایبەتەکەی ئەو خواردنە دەگەڕێنێتەوە.

کۆیە یەکێکە لە قەزاکانی دێرینەکانی کوردستان و خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتوورییە، یەکێک لە دیارترین ئەو تایبەتمەندییانەش دروستکردنی کولێرە بەڕۆنە. 

ئەم خواردنە بووەتە هێمایەک بۆ شارەکە و زۆرێک لە گەشتیاران لە کاتی سەردانیکردنیاندا وەک دیاری لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە.