بەڕاک و شەیبانی لە ئیستانبوڵەوە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریایان تاوتوێ کرد
وەزیری دەرەوەی سووریا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە شاری ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق و ئاوەدانکردنەوەی سووریایان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا لەگەڵ تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کۆبووەتەوە و باسیان لە تەواوکردنی پرۆسەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق کردووە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، شەیبانی و بەڕاک باسیان لە کارە لەپێشینەکان بۆ بووژانەوەی ئابووری کردووە، لەوانەش پرۆسەی تەواوکردنی هەڵگرتنی ئەو سزایانەی بەسەر سووریادا سەپێنرابوون لە دەیەی رابردوودا.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی خێراکردنی ئاوەدانکردنەوەی سووریا کردووەتەوە و دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکەشیان تاوتوێ کردووە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سووریا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 بە تەواوی تێکچوو، بە جۆرێک واشنتن چەندین سزای قورسی ئابووریی و سیاسی بەسەر دیمەشقدا سەپاند. یەکێک لە دیارترین ئەو سزایانە یاسای قەیسەر بوو کە لە ساڵی 2020 چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ئابووریی سووریای بە تەواوی ئیفلیج کرد.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرەپی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەش داوە و بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا دەربڕیوە؛ هاوکات بەشێکی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی هەڵگرتووە.