یەکێتیی ئەوروپا: هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی قبووڵنەکراوە

یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات، هاوکات داوا دەکات بەپەلە ئەم پەلامارانە رابگیرێن و لایەنەکانیش پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بن.

سێشەممە، 18ی ئابی ،2026 گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری کوردستان24 هەڵوێستی فەرمیی یەکێتییەکەی لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی مانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە شارۆچکەی پیرمام ئاشکرا کرد.

گوتەبێژەکە گوتی: یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر دامەزراوە و بارەگاکانی سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکات و جەخت دەکاتەوە پێویستە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن ئەم هێرشانە رابگیرێن.

هاوکات لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئەم جۆرە پەلامارانە کرد و رایگەیاند: ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی تەواو قبووڵنەکراوی سەروەریی عێراقن، لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکەدا، دەبنە مایەی دروستکردنی هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە، "یەکێتیی ئەوروپا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دەکات و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن".

هەروەها گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا داوای کرد سەرجەم لایەنەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە تەواوەتی پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بن.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاب، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.

بە گوێرەی راگەیەنراوی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. گوتیشی، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

بڕیارنامەی 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 11ـی ئاداری 2026 دەرچووە و تایبەتە بە راگرتنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لەوانە بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، سعوودیە، ئیمارات) و ئوردن.

ئەم بڕیارنامەیەک بە دەنگی 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسندکرا، بەڵام نوێنەرانی هەر یەک لە رووسیا و چین بەبێ لایەن مانەوە.