عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی و  بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. عەلی زەیدی جەختی کردەوە، ئەم دەستدرێژییانە بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە، دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە دەستبردن بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەژمار دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، حکوومەت بە توندی و بێ دوودڵی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک، دامەزراوە و هاووڵاتییانی عێراق رەت دەکاتەوە، ئاماژەی بەوە دا، دەوڵەت لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتدا هیچ کەمتەرخەمییەک ناکات. هەروەها رایگەیاند،  لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی هێرشەکان بکەن و ئەنجامدەران و بەرپرسانی بەپێی یاسا رووبەڕووی دادگا بکەنەوە.

لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی و بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە، و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان بەغدا و هەولێر کردەوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.