پارێزگاری بەسرە: ئاسایشی هەرێمی کوردستان درێژکراوەی ئاسایشی عێراقە
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم دامەزراوانە گوزارشت لە ئیرادەی گەل دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری بەسرەدا هاتووە، ئەم دامەزراوانە گوزارشت لە ئیرادەی گەل و گەرەنتیی سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و دەستووریی عێراق دەکەن، بۆیە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەریان بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە.
ئەسعەد عیدانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان درێژکراوەی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراقە و پاراستنی ئەم قەوارە دەستوورییە بەشێکە لە پاراستنی سەقامگیریی گشتیی وڵات.