لە شاری سلێمانی ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن و چەند شەقامێکیش نۆژەن دەکرێنەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بەربەستەکانی بەردەمیان دەکات، هاوکات بڕیاری داوە کار بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند شەقامێکی سەرەکیی شارەکە بکات.

ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەکانیاندا بۆ گەشەپێدانی شار و بەهێزکردنی ژێرخانی سلێمانی، هەڵسەنگاندن بۆ قیرتاوکردنەوەی دووسایدی شەقامی شارباژێڕ، فراوانکردنی شەقامی هەواری شار و چارەسەرکردنی کێشەی یوتێرنەکەی، لەگەڵ فراوانکردنی شەقامی 100 مەتری کراوە.

هاوکات پێداچوونەوە بە دیزاینی یەکتربڕی نزیک هۆتێل تایتانیک دەکرێت کە لە ئاینندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامی مەلیک مەحموود دەکات.

گوتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، پردێکی پەڕینەوەی پیادە لەبەردەم دادگای سلێمانی دروست دەکرێت و بەم زووانە دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری، رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی رەزامەندیی لەسەر 3 شەقام  لە کۆی 8 شەقام داوە، کارکردن لە شەقامەکانی 2، 4 و 6 بۆ قۆناخی یەکەمی شەقامەکە دەستی پێکردووە کە سەنتەری شار بە شەقامی 100 مەترییەوە دەبەستنەوە؛ بۆ قۆناخی دووەمیش ژمارەیەک رۆدی دیکە دروست دەکرێن و کۆی گشتییان دەبێتە 13 شەقام.

لە کۆتاییدا گوتی: گرنگە بگوترێت هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆژەکان دانەنراوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان چڕکراونەتەوە تا پێش سەری ساڵ تەواوی پڕۆژەکان جێبەجێ بكرێن.