گەرووی هورمز لە نێوان هەڵوێستی ئێران و خەیاڵی ترەمپدا
ترەمپ گەرووی هورمزی وەک خاکی ئەمریکا ناساند و ئێرانیش وەڵامی داوەوە
دۆناڵد ترەمپ نەخشەیەکی گەرووی هورمزی بڵاوکردەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساند، ئەمەش کاردانەوەی ئێرانی لێ کەوتەوە و بەرپرسێکی ئەو وڵاتە وەڵامێکی توندی دایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" وێنەیەکی نەخشەی گەرووی هورمزی بڵاو کردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گەرووەکەی لە نێو بازنەیەکدا دەستنیشان کردووە و لەسەری نووسیوە بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی.
ئەم پەیامە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی تووڕە کردووە. لە یەکەم کاردانەوەدا کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری مافە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامێکی توندی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وێنەی پۆستەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" داناوە و نووسیویەتی، هەر وەک چۆن ترەمپ ناوی کەنداوی فارسی بە دروستی نووسیوە، بەم نزیکانە خەیاڵەکانی ئەو سەرۆکە خەیاڵاوییەش لە بارەی گەرووی هورمزەوە راست دەکەینەوە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین دەروازە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و وزە و دەکەوێتە نێوان ئێران و عومانەوە. پێش جەنگی ئاداری ئەمساڵ، رۆژانە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێدەپەڕی؛ بەڵام ئێستا هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکە سنووردارە.