لە دەریای ناوەڕاست 55 کۆچبەر رزگارکران و 5 کۆچبەریش لە ئاوەکانی لیبیا خنکان
رێکخراوی 'ئۆشن ڤایکینگ'ـی ناحکوومی رایگەیاند، بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست ژێرئاو کەوتووە، بەڵام تیمەکانیان توانیویانە 55 کۆچبەر لە خنکان رزگار بکەن.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەلەمەکە پڕ بووە لە کۆچبەری نایاسایی و بەرەو سنوورە ئاوییەکانی وڵاتی ماڵتا لە دەریای ناوەڕاست رۆشتووە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی کۆچبەران لەسەری، بەلەمەکە وەرگەڕاوە و ژێرئاو کەوتووە. روونیشیکردەوە، لەنێو رزگارکراوەکاندا 9 منداڵ و 8 ئافرەت هەن.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی 'ئێمرجێنسی'ی ئیتاڵی رزگارکردنی 50 کۆچبەر و گیانلەدەستدانی 5 کۆچبەری دیکەی لە کەناراوەکانی لیبیا راگەیاند، کە هەوڵیانداوە بە بەلەمی بچووک خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ناحکوومییەکان، تەنیا لەمساڵدا 852 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.