ترەمپ: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە

سەرۆکی ئەمریکا، بوونی هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکی ئێستا یان داهاتووی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا رەتکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریایییەکەی سەر ئەو وڵاتە کردەوە.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس) پەیامێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا بڵاو کردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: ئێستا هیچ گفتوگۆ یان دانوستانێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ئارادا نییە و هیچ وادەیەکیش بۆ ئەنجامدانی دانوستانی لەو شێوەیە لە داهاتوودا دیاریی نەکراوە.

سەبارەت بە رێوشوێنە سەربازی و ئابوورییەکانیش، دۆناڵد ترەمپ روونی کردەوە، گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بە تەواوی هێز و کاریگەریی خۆیەوە بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆخی گەرووی هورمز و رایگەیاند: گەرووەکە بە کراوەیی و چالاکی ماوەتەوە، دوای ئەوەی سەرجەم مینە دەریایییەکان لەو ناوچەیەدا لادراون یان تەقێندراونەتەوە، کە ئەمەش ئاسایشی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا مسۆگەر دەکات.