بەڕاک سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانیی سووریا دەکات

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە پەیامێکدا نیگەرانیی قووڵی واشنتنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەبو زهور" دەربڕی و بە پەرەسەندنێکی بێسوود وەسف کرد کە زیان بە سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت؛ هاوکات جەختی کردەوە حکوومەتی سووریا هیچ هێزێکی بەوەکالەتی نییە و خوازیاری هێورکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل.

سێشەممە 18ی ئابی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، سەرنجی خستە سەر دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریا.

بەڕاک لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی کە هێرشە ئاسمانییە پشتڕاستکراوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی (ئەبو زهور)، پەرەسەندنێکی بێسوود پێکدەهێنن کە بە هیچ جۆرێک خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات.

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەڵوێستی لایەنی سووری کرد و گوتی: حکوومەتی شەرع نە هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی گرتووەتە بەر و نە هیچ هێزێکی بەوەکالەتیشی هەیە. لە راستیدا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، خوازیاری هێورکردنەوەی گرژییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رابردوودا میوانداریی گفتوگۆکانی کردووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە میوانداریکردنی دانوستانەکان، بۆ ئەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لە جیاتی بێزاری و کردەوە سەربازییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا پێشبخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تۆم بەڕاک جەختی کردەوە، رێککەوتنە بەردەوامەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە تەنیا لە رێگەی دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بنیات دەنرێن.

هەروەها رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لەسەر ئەو باوەڕەی کە دانبەخۆداگرتن و پەیوەندیی دیپلۆماسی، بنیاتنەرترین رێگەن بۆ چارەسەر. ئێمە هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەین کە گفتوگۆ و بیرکردنەوەی لۆژیکی بخەنە پێش هەر رووداو و پێکدادانێکی سەربازیی زیاترەوە.