محەممەد بن زاید و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ئیمارات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پەرەسندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوو سەرۆک تیشکیان خستە سەر لایەنە جیاوازەکانی هاوکاری و کاری بەکۆمەڵی نێوان ئیمارات و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رێگەکانی بەهێزکردنیان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکات.
هەروەها هەردوولا دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە بەگەڕخراوەکانی پەیوەست بەو بابەتەیان تاووتوێ کرد و بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرد.