ئومێد خۆشناو: لە ئاییندەیەکی نزیکدا کێشەی بەنزین چارە دەکرێت

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە لە سەنگەری ئاشتی و تەباییدا بووە و هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە گرژییەکانی ناوچەکە. لە بارەی کێشەی بەنزینەوە، گوتی: کێشەکە کاتییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا چارە دەکرێت.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، تیشکی خستە سەر پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان و جەختی لەسەر هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێم و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان و چارەکردنی کێشەی سووتەمەنی کردەوە.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە لە ململانێ و گرژییەکانی ناوچەکە، بەڵکو هەمیشە لە سەنگەری ئاشتی و تەباییدا بووە.

خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ستەمێکی گەورەن. دووپاتی کردەوە، "ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن، پێشێلکردنی سەروەری هەرێم و عێراقە و هیوادارین ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە."

لە لایەکی دیکەوە، خۆشناو باسی لە کەرتی ئابووری و بەرهەمهێنان کرد و روونی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی تایبەتی بە سەرجەم سێکتەرەکان داوە، بە تایبەتی کەرتی کشتوکاڵ کە گەشەسەندنی باشی بەخۆوە بینیوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە هاووڵاتییان لەبارەی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی و رایگەیاند: "حکوومەت لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە و بەرەوپێشچوونی باشیش لەم بارەیەوە هەیە."

 ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی بەنزین کاتییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا چارە دەکرێت، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندین رێنمایی و فەرمانی دەرکردووە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخەکان و جێگیرکردنیان، بە ئاراستەی گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش دۆخی قەیرانەکە.