ئیمارات: دوو مووشەکی بالیستی لە ئێرانەوە ئاراستەی وڵاتەکەمان کران

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی دوو مووشەکی بالیستییان دەستنیشان کردووە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیمارات هەڵدرابوون؛ یەکێکیان لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکان و ئەوی دیکەشیان لەناو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئیماراتدا کەوتوونەتە ناو دەریاوە.

سێشەممە 18ی ئابی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە چاودێریی دوو مووشەکی بالیستی کردووە کە لە لایەن ئێرانەوە بەرەو ئاراستەی دەوڵەتی ئیمارات هەڵدرابوون؛ بە جۆرێک مووشەکی یەکەم لە دەرەوەی سنووری ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەت کەوتووەتە خوارەوە، و مووشەکی دووەمیش لە ناوەوەی سنووری ئاوە هەرێمییەکاندا کەوتووەتە ناو دەریاوە.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دووپاتی دەکاتەوە، لەوپەڕی ئامادەباشی دایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک، و بە توندی بەرپەرچی هەر هەوڵێک دەداتەوە کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی دەوڵەت بێت، بە شێوازێک کە گرەنتیی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بکات، و بەرگری لە بەرژەوەندی و دەستکەوتە نیشتمانییەکان بکات.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد کە تەنیا پشت بە زانیاری و هەواڵی سەرچاوە فەرمییەکانی دەوڵەت ببەستن و لە بڵاوکردنەوە و بڕواکردن بە دەنگۆ و زانیارییە هەڵە و چەواشەکارەکان دوور بکەونەوە.