عێراق: هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی
راوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی.
سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، راوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و هۆشداریی دا لە لێکەوتە ئەمنییەکانی ئەم هێرشە بۆ سەر تەواوی عێراق.
راوێژکارییەکە رایگەیاند: بە ئامانجکردنی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان، دەبێتە هۆی پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی، هاوکات عێراق رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییە سەختەکان دەکاتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا ئێمە سەرکۆنەی ئەم کارە نابەرپرسانەیە دەکەین، جارێکی دیکە رەتکردنەوەی خۆمان بۆ هەر هێرشێک دووپات دەکەینەوە کە لە لایەن هەر لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت و وڵات و گەلەکەمان رووبەڕووی قۆناخێکی مەترسیداری پەرەسەندنی دۆخەکە بکاتەوە کە دەرئەنجامەکانی نەخوازراو بن."
راوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە، رێگە بە کار و کردەوەی لەو شێوەیە نادرێت کە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قۆناخە سەختانەی رابردوو کە تێپەڕێنراون.