ترەمپ و ڤانس بۆچوونی جیاوازییان لە بارەی جەنگی ئێران هەیە

لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، جیاوازیی قووڵی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەی لە دیاریکردنی لەپێشینەی ئامانجەکانی واشنتن لە شەڕی ئێران ئاشکرا کرد؛ لە کاتێکدا ڤانس دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی بە ئامانجی یەکەم دادەنێت، ترەمپ جەخت دەکاتەوە رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی تاکە ئامانجی سەرەکییە، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانیی قووڵی کۆمارییەکان لە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول و کێبڕکێی سەرۆکایەتیی 2028.

سێشەممە 18ی ئابی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لەسەر چۆنیەتی دیاریکردنی کارە لەپێشینەکانی ئیدارەی ئەمریکا لە دۆسیەی ئێراندا هاوڕا نین و لێدوانی جیاواز دەدەن.

جەی دی ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز لە بەرنامەی (The Will Cain Show) رایگەیاند، یەکەمایەتیی سەرەکیی ئیدارەکەیان دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا و پاشان پرسی چەکی ئەتۆمی دێت. ڤانس گوتی: ئامانجی ژمارە یەک ئەوەیە: نەوت و بەنزین بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا لە سەرانسەری وڵاتدا هەرزان بمێنێتەوە، و پاشان ئاشکرایە ئامانجی ژمارە دوو ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.

ترەمپ بە خێرایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ وەڵامی جێگرەکەی دایەوە و نووسیویەتی: ئامانجی ژمارە یەک بریتییە لەوەی، و هەمیشە وادەبێت، کە نابێت بە هیچ جۆر، شێواز و فۆڕمێک ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئەم دابەشبوونە ئاستەنگییەکی گەورەی سیاسی بۆ ترەمپ و ڤانس و تەواوی پارتی کۆماری دروستکردووە؛ بەپێی راپرسییەکان، دۆخی ئابووری و نرخی بەنزین لە سەرووی نیگەرانییەکانی دەنگدەرانی ئەمریکان بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس.

پاتریک دی هان، بەرپرسی بەشی شیکاریی نەوت لە دامەزراوەی (GasBuddy) ئاشکرای کرد کە تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزین لە سەرتاسەری ئەمریکا گەیشتووەتە 4.02 دۆلار، و نرخی دیزڵیش بۆ 5.42 دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمەش ترسی لای سەرکردەکانی کۆمارییەکان دروستکردووە کە دەنگدەران لۆمەی دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی بکەن لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ دیار نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی بۆردومانکردنی لە عومانیش کرد.

بەرپرسانی کۆشکی سپی بە توندی رەتیانکردەوە هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ترەمپ و جێگرەکەیدا هەبێت. ئانا کێلی، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا گوتی: هیچ دابەشبوونێک نییە؛ ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و تەواوی ئیدارەکە لە پشتی وەستاون. ڤانسیش کارێکی ناوازە دەکات بۆ پێشخستنی کارنامەی سەرۆک.

هەروەها کاتێک لە کارۆلاین لێڤت، سکرتێری پێشووی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی پرسیار کرا، گوتی: هەردوو ئامانجەکە بە هەمان ئەندازە بۆ سەرۆک گرنگن.

ڤانس خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لۆرا ئینگرام لە فۆکس نیوز، لە وەڵامی ئەوەی ئایا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو و ترەمپدا هەیە گوتی: نەخێر، لە راستیدا سەرۆک بڕیارەکان دەدات و هەموومان بەپێی ویستی ئەو جێبەجێیان دەکەین. بێگومان ئێمە گفتوگۆ و مشتومڕ دەکەین لەسەر ئەوەی چی بکەین، بەڵام کاتێک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیارێک دەدات، هەموومان یەکگرتووین لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا.

ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەست نییە بە نرخی بەنزین و ئێرانەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە داهاتووی سیاسیی جەی دی ڤانسەوە هەیە؛ ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدایە و پێویستی بە بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو نییە، بەڵام ڤانسی تەمەن 42 ساڵ وەک جێنشینی سەرەکیی بزووتنەوەی سیاسیی ترەمپ (MAGA) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 سەیر دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەخشەرە داراییەکانی گوتووە پێویستە جەی دی هەڵبژێرین، بەڵام راوێژکاران دەڵێن ترەمپ ململانێی نێوان ڤانس و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەش لەبەرچاو دەگرێت. هەر بۆیە ڤانس هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک رابگرێت لە نێوان دڵسۆزیی تەواو بۆ ترەمپ و دوورکەوتنەوە لەو سیاسەت و لێکەوتە نەرێنییانەی کە لە داهاتوودا دەبنە بارگرانی بەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکەیەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمریکا، لە پشت پەردەی پەیوەندییە فەرمییەکانەوە، ئاڵۆزی و ناکۆکیی قووڵ لە نێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆسیەی شەڕی ئێران هەبووە.

میدیا ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە کە لە میانەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، جەی دی ڤانس چەندین جار بە شێوەیەکی توند و ڕاشکاو ڕەخنەی لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی ناتانیاهۆ گرتووە و کاردانەوەی توندی بەرامبەری پێشان داوە سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی بازنەی شەڕەکە.